|
|
|
كە جوانییەكەم لە دەستدا ژنی بەسەرهێنام و
تەڵاقی دام |
كە جوانییەكەم لە
دەستدا ژنی بەسەرهێنام و تەڵاقی دام
ئا: گەرمیانی
پێكهێنانی ژیانی هاوسەری و بە یەكگەیشتنی دوو هاوسەر
بەو مانایەیە كە دەبێ هەردوولا بەوپەڕی قەناعەتەوە كۆك
و تەبا بن كە لە سەرجەم خۆشی و ناخۆشی و هەوراز و
نشێوەكاندا یەك بڕیار و پاڵپشتی یەكتربن.
و هەردوولا كار بۆ ئەوە بكەن زاڵبن بەسەر كۆسپەكانی
بەردەمیان و نەهێڵن ڤایرۆسی ناكۆكی و كێشەی خێزانی لە
یەكتریان جیا بكاتەوە چونكە خۆشەویستی و یەكترویستن
هەرگاڤ وادەكات ژن و پیاو لە هەر ئان و سات و
بارودۆخێكدا پشتی یەكتر بەرنەدەن و نەهێڵن ئەو
كۆڵەگانەی خێزانەكەی راگرتووە لەرزۆك بێت یان بڕۆخێ
بەڵام بەداخەوە لەم كۆمەڵگایەی خۆماندا پیاوی بێ وەفای
وا هەن كە تەنیا لەكاتی جوانی و گەنجی و لەشساغیدا
ژنەكانیان گەرەكە و گرنگی و بایەخیان پێدەدن لە ساتی
نەخۆشی و پیربوون و هەر كارەساتێكی تردا كە بەسەر
ژنەكانیاندا بێت رابردوو فەرامۆش دەكەن. و هەموو
خۆشییەكانی رابردوویان بیر دەچێتەوە و بە تەواوی پشت
لە ژنەكانیان دەكەن و ژنی تریان بەسەر دێنن، برادەرێك
سەربوردەی پیاوێكی بەد نمەكی بۆ گێڕامەوە كە چۆن دوای
پازدە ساڵ ژیانی هاوسەرگیری كاتێ ژنەكەی تووشی
كارەساتێك دەبێت ئەم پیاوە ناپاكە ویژدانی خۆی دەفرۆشێ
و ژنی بەسەر دێنی و دواتر بەهەر چوار منداڵەكەیەوە
تەڵاقی دەدات.
دەزگیراندارییەكی بێ ئاكام
هێرۆ ناوی ئەو ئافرەتەیە كە بە چوار منداڵەوە مێردەكەی
تەڵاقی داوە هێرۆ ئافرەتێكی باڵابەرزی گەنم رەنگە،
جوانییەكی سیحری و سەرنجراكێشی هەیە، بەڵام هەموو كات
هەست بە كەموكوڕی جەستەی خۆی دەكات ئەم ژنە زۆر بە
راشكاوی بەسەرهاتی ژیانی خۆی بۆ ئافرەتێكی تر
گێڕاوەتەوە كە بەم شێوەیە باسی لێوەدەكات: من لە
خێزانەكەمدا چوارەم منداڵی دایك و باوكم بووم زۆر
منیان خۆشدەویست چونكە منداڵێكی جوان بووم هەموو جار
بیرمە نەنكم فاتیمە بە دایكمی دەگووت هەموو منداڵەكانت
لە لایەك و هێرۆش لە لایەك چونكە هێرۆ لە جوانیدا پێشی
هەموویانی داوەتەوە. بە راستی جوانی شتێكی خۆشە بۆ
مرۆڤ بەڵام زۆر كەڕەت جوانیش گەورەترین زیانی هەیە من
بە راستی زۆر بە جوانی خۆمەوە دەمنازی و پێم وابوو
لەناو ئەو كۆڵانەی خۆماندا كچێكی تر هاوشانم نییە.
من باوكم هەفتانە هەندێ پارەی پێدەدام تاكو جلوبەرگ و
كەرەسەی خۆمی پێ بكڕم مەبەستم ئەو كاتە نییە كە منداڵ
بووم بەڵكو مەبەستم تەمەنی هەرزەكاریمە بۆیە بەردەوام
جلوبەرگی جوانم دەپۆشی و كامە بۆن سەرنجراكێش و زۆر
خۆش نەبووایە لە خۆم نەدەدا. جگە لە خۆم كەسێكی ترم
نەدەدیت كە هاوتام بێت لە جوانیدا.
كە باسی هەر كچێكی تریان لەلام بكردبایە گاڵتەم پێ
دەهات و دەمگوت جا كەس هەیە لە من جوانتر و لێوەشاوەتر
بێت زۆر جار نەنكم فاتیمە ئەم لوت بەرزییەی منی زۆر
پێناخۆش بوو دەیگوت كچەكەم بەس بە خۆتەوە بنازە تۆ لە
هیچ كەسێكی تر زیاتر نیت و هەر كەسێكیش بەرز بفڕێ نزم
دەنیشێتەوە منیش دەمگوت داپیرە ئەو قسانە چییە من هەر
جوانییەكەم هەموو دونیا دێنێ من ئەسڵەن لە خۆم ناگرم
لەگەڵ هەموو كەسێكدا قسە بكەم. هێرۆ دەڵێت رۆژان هاتن
و رۆیشتن قۆناغی پێنجەمی ئامادەییم تەواو كرد. گەنجێكی
زۆر شێت و شەیدای جوانییەكەم ببوون منیش زۆر شانازیم
بەخۆوە دەكرد.
بڕوا بكەن زۆرجار بە جلی مەكتەبەوە بەناو كۆڵانەكاندا
دەڕۆیشتم دەیان چاو سەیریان دەكردم رۆژ نەبوو چەندین
گەنج خۆیان بە قوربانم نەكەن ئەوانە هەموو هۆكار بوون
من زیاتر لە خۆبایی و لوت بەرز بم. و كەس بە كەس
نەزانم بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە چاوم دەگێڕا كە چۆن
گەنجێكی قۆز بدۆزمەوە لە جوانی و پارە و ماڵدا بە
خواستی من بێت. زۆر كەس دەهاتنە داخوازیم من هەر
ئاوڕیشم لێنەدەدانەوە چونكە كەسم بە شایەنی ئەو
جوانییەی خۆم نەدەزانی رۆژان هاتن و رۆیشتن كچێكی
دراوسێمان كە ناوی (هەتاو) بوو خوا هەڵناگرێ ئەویش
جوان بوو بەڵام نەدەگەیشتە ئاستی من ئەو هەتاوە
رۆژێكیان خەبەری پێدام و گوتی ئەمڕۆ قەراروایە دانی
ئێوارە كوڕێكی وا قۆز و جوان و دەوڵەمەند بێتە
داخوازیم منیش لە ناخەوە پێم ناخۆش بوو بەڵام بەسەر
خۆم نەهێنا و بە فیزێكەوە گوتم هەتاو ئەو كوڕەی دێتە
داخوازیت پێشتر یەكتریتان بینیوە پاشان كوڕەكە پیشەی
چییە؟ هەتاو گوتی كوڕەكە ناوی (سەرسام)ە و پارساڵ
كۆلێژی ئەندازیاری بەشی بیناكاری تەواو كردووە.
بە رێكەوتیش من و ئەو كوڕە یەكتریمان ناسیوە سەرسام
باش دەزانێ كە من مەكتەبیشم تەواو نەكردووە بەڵام ئەو
بە جوانییەكەم شێت و شەیدا بووە. بە راستی كە ئەو
قسانەی هەتاوم بیست زۆرم پێ ناخۆش بوو گوتم ئەی چۆن
ئەو كوڕە كچە موهەندیسەیەكی نەخواستووە چۆنە وا تۆی
پەسەند كردووە ئەویش گوتی ئیتر ئەلحەمدولیلا من چانسم
هەیە و خودا دەرووی خێری لێكردوومەتەوە بەهەر حاڵ ئەو
رۆژە تا ئێوارە بیرو خەیاڵم لای خۆم نەبوو دەمگوت
خودایە بۆچی دەبێ هەتاوێكی عەشایەر و نەخوێندەوار
كوڕێكی جوان و موهەندیس بێتە داخوازی و منیش كە وەك
خۆر جوانم و خەریكە دەچمە زانكۆ كەچی ئەوانەی دێنە
داخوازی من كەڵكی فلسێكیان نییە. ئەوەبوو ئێوارە هات
من لەسەرەتاوە دوودڵ بووم لەوەی كە بچم بەڵام دواتر
خۆم بۆ رانەگیڕا و بڕیارمدا شیكترین و جوانترین
جلوبەرگ بپۆشم.
ئەوەبوو بە جلێكی راقی جوانەوە بەو باڵابەرزی خۆمەوە
چووم بۆ ماڵی هەتاو هەموو ئەو خەڵكەی لەوێ بوون
دەیانگوت ئەرێ بیكەن بە خاتری خودا ئەم پەرییە لە
كوێوە دابەزیوە و كچی كێیە منیش لەسەر كورسییەك
دانیشتبووم ئەوەندەم زانی ماڵی ئەو كوڕەش هاتن كە
دەیانویست هەتاو بخوازن بە راستی هەر كە چاوم بەو
پیاوە كەوت كە نیازی وابوو هەتاو بخوازێ یەكسەر دڵم
بۆی لێیدا. دەتگوت بۆ داخوازی من هاتوون بە راستی لە
ماوەی ژیانمدا كوڕی وا قۆز و جوانم نەدیتبوو بۆیە زۆر
ئیرەیی و حەسوودیم بە هەتاو دەبرد دەمگوت خۆزگە وەكو
مەیمون ناشرین بام بەڵام كوڕێكی وا جوان و لێوەشاوە
هاوسەرم بوایە. ئەو كوڕەش كە ناوی (ئاسۆ) بوو كە منی
بینی بەو هەموو جوانییەمەوە هەتا تێپەڕی سەرنجی
تێدەگرتم و زۆر موعجیبم بوو ئەوەبوو پیاوەكان لە
مەجلیسدا دانیشتن باوكی هەتاو پەڵپی زێڕو پارەیەكی
زۆری لە ماڵی سەرسام گرت بەڵام وادیاربوو سەرسام
پەشیمان بووبێتەوە بە هۆی منەوە چونكە بەرلەوەی
پیاوەكان دابنیشتن كافیەی پلكی سەرسام هاتە لام
دیاربوو سەرسام خۆی ناردبووی پێی گوتم كچە نازدارەكەم
ئەرێ پێم بڵێ تۆ شووت كردووە یان لە ماڵی باوكتی منیش
گوتم نەوەڵڵا پلكە گیان شووم نەكردووە هەروەختێكیش خوا
رێكی بخات شوو دەكەم كە كافیە ئەم قسەیەی منی بیست زۆر
خۆشحاڵ بوو هەر ئەویش پەیوەندی بەوەوە هەبوو كە سەرسام
پەشیمان بێتەوە لە خواستنی هەتاو ئیتر ئەوەبوو مەسەلەی
بەشوودانی هەتاو سەری نەگرت و هەمووان بڵاوەیان لێكرد
هەمووی دوو هەفتەی نەخایاند هەمان ئەو كافیەی پلكی
سەرسام لەگەڵ ژنێكی تردا خۆی كرد بە ماڵماندا و
داخوازی منی كرد بۆ سەرسام و گوتی چیتان دەوێ لەزێڕ و
ماڵ و پارە و سامان لە رێگەدایە ئەوەبوو باوكم یەكسەر
رەزامەندیدا. منیش هەر وامدەزانی خەوە قەت بڕوام
نەدەكرد ئەو كوڕە قۆزە دەبێتە هاوسەری من ئەوەبوو بۆ
چەند رۆژ دواتر سەرسام و بنەماڵەكەی هاتنە پێشەوە و
باوكم رەزامەندی داو من مارەبڕام لەو كوڕە بەڵام هەتاو
كە بەمەی زانی دەستی بە گریان كردبوو ئیتر نێوانی من و
هەتاو بەو هۆیەوە تێكچوو من دوای ئەوەی بوومە
دەزگیراندار ئیتر زەوقم لە خوێندن نەما و وازم هێنا.
هێرۆ بەردەوام دەبێت و دەڵێت: من و ئەو كوڕە سێ مانگ
بە دەزگیرانداری پێكەوە دەسوڕاینەوە و پیاسەمان دەكرد
بەڵام رۆژێكیان سەرسام قسەیەكی پێ گوتم كە لە ژەهری
مار زیاتر بە لای منەوە تاڵ بوو ئەویش گوتی هێرۆ گیان
من دەمەوێت سەفەر بكەم بۆ دەرەوەی وڵات و ئیتر نامەوێ
بگەڕێمەوە ئێ گوتم منیش لەگەڵ خۆتدا بەرە گوتی ئەوەی
راستی بێت من هەڵە بووم كە ئاوا زوو تۆم لكاند بە
خۆمەوە بەڵام نازانم چی وایكرد ئاوا زوو من و تۆ ببین
بە دەزگیرانداری یەكتر هێرۆ من ناتوانم تۆ لەگەڵ خۆم
ببەم بۆ ئەوروپا بەڵكو باشتر وایە لە یەكتر جیا
ببینەوە ئا ئەو قسانەی كرد من لە داخی دڵی خۆم
نەمدەزانی چی بكەم و گوتم تۆ زۆر كابرایەكی بێ ویژدانی
ئەی ئەگەر نیازی سەفەرێكی وات هەبوو بۆچی منت كردە
پەند ئاخر ئێستا خەڵكی ناڵێن ئەو كچە جوانە دوای تەنها
سێ مانگ دەزگیرانداری بۆچی و لەسەرچی تەڵاقیاندا
سەرسام گوتی هێرۆ ئەوە ئێمە ماوەی چەند مانگێكە
پێكەوەین. ئیشائەڵڵا لە دوای من كەسێكی زۆر باشتر بە
نسیبت دەبێت ئا لەو ساتەدا خۆم بۆ نەگیرا و فرمێسك لە
چاوانم هاتنە خوارەوە و تا توانیم تفێكم كرد بە
سەرچاویدا و بوو بە شەڕمان.
تا ئەوەی دواتر تەڵاقی خۆمم لێوەرگرت و دیسانەوە وەكو
جاران لە ماڵی باوكمدا كەوتمە نێو چاوەڕوانی شاسوارێكی
تری خەونەكانم ئەوەبوو دوو ساڵ دوای تەڵاقدانم هەر
بەختم هەڵنەدەستا و شووم بۆ نەدەبوو كەچی هەتاوی
هاوڕێم هەر زوو مێردی كرد و پیاوێكی زۆر رێكوپێك بوو
بە هاوسەری ئەو شانسی هەبوو كە سەرسام پێی رازی نەبوو
ئەگینا وەك من دەبوو بە پەند.
مێردكردنەوەی دووەم
دوای ئەو دوو ساڵە خودا دەرووی خێری لێكردمەوە و مێردم
بە پیاوێك كرد كە شەش ساڵ لە خۆم گەورەتر بوو ئەم
پیاوە كە ناوی (هیدایەت) بوو لە سەرەتای ژیانی
هاوسەرگیریمانەوە زۆر گرنگی و بایەخی پێدەدام بە راستی
من رۆژ لە دوای رۆژ جوانتر دەبووم بۆیە هیدایەتی مێردم
زۆر دڵی لێم پیس بوو ئەگەر لەگەڵ خۆیدا نەبووایە
نەیدەهێڵا بچم بۆ ماڵی دراوسێش ئەوەبوو لە ماوەی حەوت
ساڵی ژیانی هاوسەرگیریماندا خودا چوار منداڵ سێ كوڕ و
كچێكی پێ بەخشیم.
زۆر دڵم بە منداڵەكانم خۆش بوون تاكە هیوا و ئاواتم
خۆشی و بەختیاری ئەوان بوو ساڵان هاتن و رۆیشتن دوازدە
ساڵ گوزەری كرد بەسەر زەواجكردنی من و هیدایەتدا
هیدایەت زۆر بایەخ و گرنگی بە من دەدا و هەموو كەڕەتێك
پێی دەگوتم قەت باوەڕ ناكەم جوانیەكی تری وەك تۆ لەم
دونیایەدا هەبێ بۆیە قەت ناتوانم رۆژێ لە رۆژان
دەستبەردارت بم منیش دەمگوت ئەی هیدایەت قەت بیر لەوە
ناكەیتەوە ژنی تر بهێنی دەیگوت ئەوە چ قسەیەكە تۆ
دەیكەی چما من پەنجەیەكی تۆ بە هەموو ژنی دونیا
دەگۆڕمەوە.
وەڵڵاهی ئەگەر بشمری لەدوای تۆ من هەر بە تەنهایی و
رەبەنی دەمینێمەوە و هیچ ژنێكی هاوسەرینم نابێت.
كە جوانییەكەم لەدەستدا ژنی بەسەرهێنام و تەڵاقیدام
هێرۆ بەردەوام دەبێت و دەڵێت: بە هۆی ئەو هەموو حەب و
دەرمانانەی كە دژی سكپری بەردەوام دەمخواردن تووشی
نەخۆشییەكی سەخت بووم و ماوەی یەك ساڵ هاتووچۆی دكتۆرم
كرد.
سەیرم كرد هیدایەت زۆر لێم بێزار بووە زۆر تەنانەت بە
بەرچاو منداڵەكانمەوە دوعای مەرگی لێدەكردم و دەیگوت
ئەمە چی بوو نەخۆشی تۆ قەت تەواو نەبوو ئەوە بۆ هیچ
ژنێكی تر بەڵای لێ نییە تەنیا تۆ بەردەوام نەخۆشی منیش
دەمگوت پیاوەكە ئەی بۆچی كاتێ ساغ بووم و جوان بووم من
دەویست و رۆژی سەدجار خۆت بە قوربانم دەكرد ئەی بۆ
ئێستا لێم بێزاری و دەتەوێ بمرم ئەویش زۆر بێ
ویژدانانە دەیگوت پیاوت كە ژنەكەی نەخۆش بێت پێویستی
بەوەیە ژنێكی تر بینێتەوە ئا ئەو قسانەی هیدایەت هەزار
هێندە باری تەندروستی خراپتر دەكردم ئیتر شەو و رۆژ
پیشەم گریان بوو خەفەتێكی زۆرم دەخوارد تا ئەو رادەیەی
كە هەموو جوانییەكەم لەدەستدا بۆیە ئیتر هیدایەتی
مێردم بە تەواوەتی فەرامۆشی كردم بەڵام لە هەمووی
ناخۆشتر ئەو كارەساتەی بەسەرمدا هات بە تەواوەتی
ئیرادە و باوەڕ بەخۆبوونمی نەهێشت و بە یەكجاری وێرانی
كردم ئەویش پەیدابوونی گرییەك بوو لە مەمكی چەپمدا
بەرەبەرەش ئەو گرێیە گەورەتر دەبوو زۆر هاتووچۆی
دكتۆرم كرد بەڵام دكتۆرەكان هیوابڕاومیان كرد و گوتیان
زۆر درەنگ سەردانی پزیشكت كردووە تازە ئەو گرێیەش
تەشەنەی كردووە و گوتیان دەبێ مەمكی لای چەپت
ببڕدرێتەوە تاكو شێرپەنجەكە پەرە نەگرێ بۆ سەرسینگت
ئەوەبوو بە بڕیاری دكتۆرەكان مەمكی لای چەپم بڕایەوە.
ئیتر من لەو كچە جوان و لوت بەرزەی پێشترەوە بووم بە
ژنێكی ناحەز و نوقستان.
جاران لەخۆم نەدەگرت لەگەڵ كەسدا قسان بكەم بەڵام
ئێستا لە خوام دەوێت كەس گاڵتەم پێ نەكات ئا بەم
شێوەیە دوای ئەو حاڵەتەی بەسەرمدا هات ئیتر هیدایەتی
خوانەناس بە یەكجاری ئیهمالی كردم و بە هیچ شێوەیەكیش
ئامادە نەبوو سەرجێیم لەگەڵدا بكات و قێزی لێ
دەكردمەوە.. ئەوە بوو هەمووی شەش مانگ تێنەپەڕی بوو
بەسەر ئەو حاڵەتەی بەسەرمندا هات.. هیدایەتی مێردم
رۆژێكیان گوتی هێرۆ پێت خۆش بێت یان ناخۆش ئیتر منیش
ناتوانم هەر ئاوا بێ ژن بژیم. ئەحمەدی برادەرم كچێكی
قەیرەی بۆم دۆزیوەتەوە ئینشەلڵا خوا بیكات لەم
ماوەیەدا دەچمە داخوازی منیش گوتم هیدایەت تۆ بەس مرۆڤ
نیت و دڵت لەبەرد رەقترە ویژدانت فرۆشتووە ئەی كوا
وەفا و بەڵێنەكانت؟ ئەمڕۆكە لەجیاتی ئەوەی یارمەتی و
پشتگیریم بكەی ژنم بەسەر دێنێ گوتی بەڵێ هەقی خۆمە و
ئەوە ماوەی ساڵێكە من بێ ژنم گوتم تۆزێك غیرەتت هەبێت
من مەكە قوربان غەریزە پیسەكانت. كەوام گوت هەڵیكوتایە
سەرم و زۆر پێیداكێشام و شەڕەكەمان گەورە بووەوە ئیتر
من هەر چوار منداڵەكەم جێهێشت و چوومەوە ماڵی باوكم من
هەر چاوەڕوانی ئەوەم لە هیدایەت دەكرد كە پەشیمان
ببێتەوە و بێتە شوێنم و بمباتەوە كەچی لە ناكاوێكدا
هەواڵی ئەوەیان پێدام كە هیدایەتی مارەی ژنی بڕیوە..
ئیتر بە شجارێك شێت و هار بووم شكایەتم لێكرد بە
گرتنمدا بەڵام ئەو لەبەردەم دادگادا گوتی ژنەكەم
نوقستانە و مافی خۆمە كە ژنم هێناوە بۆیە دادگاش
بڕیاریدا تەواوی مارەییەكەی من بداتەوە هاوكات دادگا
منداڵەكانیشی دا بە من و فەرزی كرد لەسەری كە هەتا من
مێردێكی تر دەكەمەوە دەبێ هیدایەت نەفەقەی خۆم و
منداڵەكانم بدات. ئەوە بوو دەرئەنجام هیدایەتی ویژدان
مردوو هەموو رابردووی لەبیر كرد و لەپێناو غەریزە
شەیتانییەكانیدا منی سێ بە سێ تەڵاقدا و ژنێكی تری
هێنایەوە.

|
|
سهرچاوهی مهڵپهری
گوڵان مێدیا |
14.07.2008 |
رێکهوتی بڵاوکردنهوه |
|
|
|
|
بۆ ئازیزانی مهڵپهری
قوبادی :: |
تکایه ئهگهر نوسینهکانی سهرهوهتان بۆ
ناخێنرێتهوه لێره فۆنتی کوردی داگره بۆ
کۆمپیتهرهکهت
Tikaye
eger nusînekany serewetan bo naxwênrêrewe
Lêre Fonti Kurdî Dabigre bo Komputereket
داگرتنی
فۆنتی کوردی
Dagirtinî Fonti
Kurdi
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|